گفتوگۆی باڵۆن - بەشی یەک؛ تکایەک لە عەدنان کەریمەوە
Вставка
- Опубліковано 14 гру 2024
- هونەرمەند عەدنان کەریم، تەمەنی 15 ساڵ بووە، كە دەستی بەكاری هونەری كردووە. لە سەرەتاكانی كاركردنی، جارێك كە گوێی لە دەنگی خۆی گرتووەتەوە، بڕوای نەكردووە ئەوە دەنگی ئەو بێت، بۆیە لە خۆی پرسیوە "ئەم دەنگە لە كوێوە هاتووە؟". ئەو پرسیارە لە خودی خۆی، ژیانی هونەرمەند عەدنان كەریمی گۆڕیوە، بووەتە هۆی ئەوەی لە كارە هونەرییەكانی بەردەوام بێت، بەجۆرێك لە تەمەنی 16 ساڵیدا دەبێتە ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی، لە ساڵی 1979دا بە گۆرانی 'دەسماڵێ و دەسماڵێ'، دەناسرێت.
ئەو هونەرمەندە كە میوانی بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆن بوو بە باشی دەزانێت ئەوانەی لە دەستپێكی كاری هونەری گۆرانی گوتنن، پێویستە گوێگرێكی باشی هونەرمەندانی پێش خۆیان بن. خۆشی هەر وەهای كردووە، ئەو گوێگرێكی باشی هونەرمەندێكی وەك حەسەن زیرەك بووە و دەڵێت "لە سەرەتاكاندا حەزم دەكرد، وەك حەسەن زیرەك گۆرانی بڵێم". ئەم هونەرمەندە پەیامی بۆ ئەو كەسانە هەیە، كە گۆرانییەكانی دەڵێنەوە، ئەو سەرەڕای سوپاس کردنیان پێیان دەڵێت "باشترە خۆتان بدۆزنەوە، راهێنان لەسەر قوڕگی خۆتان بكەن". ئەو هەرچەندە یەكەمجاری بوو، لە نزیكەوە باڵۆن، بەڵام ترسێكی وەها بە رووخسارییەوە دیار نەبوو، بەڵام ترسی خۆی نەشاردەوە و گوتی "ترسێكم لە باڵۆن هەیە، بەڵام زۆرنا". ئەگەر بە حەزی خۆشی بوایە، ویستی ئەوەی هەبوو کە باڵۆنەكە فڕی دواتر لە سابڵاخ، لە رۆژهەڵاتی كوردستان بنیشێتەوە.
ئەو هونەرمەندە دەخوازێت هونەرمەندان گرنگی بە ئاواز و مەقامە كوردییەكان بدەن، لە دەرەوەی وڵاتیش شانازی بە مەقامە كوردییەكانەوە بكەن، بۆ ئەوەش نموونەیەك لەسەر خۆی دەهێنێتەوە؛ كاتێك لە ساڵانی رابردوو لەگەڵ نزیكەی 150 هونەرمەندی جیهان، لە ئەفریقا بەشداری لە فێستیڤاڵێك دەكات، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە بە هەر یەكێك لەو هونەرمەندانە دەڵێت، گۆرانییەكی رەسەنی وڵاتەكەیان بڵێن، كاتێك نۆرەی عەدنان كەریم دێت، ئەو مەقامێكی خورشیدی دەڵێت، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكەش بەوە سەرسام دەبێت، بەجۆرێك ئەو مەقامە دەبێتە دەستپێكی فێستیڤاڵەكە.
لایەنێكی دیكەی ژیانی عەدنان كەریم، بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات و سەرەتاكانی ژیانی لە وڵاتی سوید، ئەوەیە کە بووەتە مامۆستای زمانی كوردی و دەڵێت "شانازی بەو رۆژانەوە دەكەم كە لە سوید خوێندكارانم فێری زمانی كوردی دەكرد". لە دوا پەیامی لەم بەشی بەرنامەكەدا هونەرمەند عەدنان كەریم تكا لە دایك و باوكانی دەرەوەی وڵات دەكات، ئاگایان لە زمانی كوردی منداڵەكانیان بێت بەجۆرێك پەروەردەیان بكەن زمانی كوردی لەبیرنەكەن.